فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا هۆکاری جموجوڵەکانیان لە سنووری سوریا و عێراق بۆ نۆرس پرێس دەدرکێنێت

واشنتۆن – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، لیوا جۆن مۆر، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەو جموجۆڵانەی لەسەر سنووری عێراق و سوریا روودەدەن، تەنها جوڵەی لۆجستیکی پێویستن بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی گۆڕینی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کە ماوەی کارکردنیان تەواو بووە و هاتنی سەربازی دیکە بۆ جێگرتنەوەیان.

لیوا جۆن مۆر گوتیشی، “ئەم بابەتە پێویستی بە پلەیەکی بەرزی ئاگاداری ئەمنی هەیە لە سنوورەکاندا بۆ گواستنەوەی سەرباز و ئامێرەکان لە دۆخێکی زۆر سەلامەتدا”.

لە کاتێکدا ژمارەیەک لە چاودێران و شرۆڤەکارانی ئەمریکی رایانگەیاند، پێیان وایە ئەو هەنگاوانەی ئەم دواییە ئاماژەن بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەت و ئامانجی بوونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، سەرەڕای رەتکردنەوەی سوپای ئەمریکا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی “توانای پۆڵاین” لە هەر گۆڕانکارییەک لە ئەرکی سوپای ئەمریکادا لە باکووری سوریا یان لە عێراق.

لە لای خۆیەوە، ئیرینا تسوکەرمان، توێژەری ئەمنی لە پەیمانگای ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی رایگەیاند، “واشنتۆن ترسی لەو پردە وشکانییە دروستکردووە کە ئێران لە نێوان عێراق و قووڵایی سوریا دایمەزراندووە بۆ گواستنەوەی کارمەندان و تەقەمەنی و هەموو جۆرە کەرەستەیەکی قاچاخ، کە بەکاردێت بۆ بەهێزکردنی پێگە سەربازییەکانی ئێران لە سوریا و ناوچەکە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەمڕۆش، نکوڵی ئەمریکییەکان پشتڕاستی دەکاتەوە کە “فەیلەقی قودس” هێشتا ئازادی جووڵەی لە خاکی سوریادا هەیە، سەرەڕای ئەو ترسانەی کە ئیسرائیل دەریبڕیووە و ئەو راپۆرتانەی سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی دامەزراوە کیمیاییەکان لەلایەن ئێرانەوە لە سوریا کە لە بەر باسدان.

تسوکرمان بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ دیمەشق، ببێتە دەرچەیەکی نوێ بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی ئێران لە سوریا، ئەمەش دەبێتە هۆی رەخساندنی پێگەیەکی باش بۆیان، بۆ ئەوەی ئیسرائیل بکەنە ئامانج، بەتایبەتی کە تورکیاش بەردەوام بوو لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، جگە لە هەوڵە بەهێزەکانی ئەنقەرە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق.

تسوکەرمان رایگەیاند، واشنتۆن درک بەوە دەکات کە تورکیا و ئێران هەوڵ دەدەن پێکەوە کاربکەن دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، کە لەسەر بنەمای هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوریا بنیاتنراوە.

راشیگەیاند، پێویستە واشنتۆن کاربکات بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی لە سوریا و رێگریکردن لە هەر هاوپەیمانییەکی پێشبینیکراو لە نێوان هێزەکانی سەر بە تورکیا و میلیشیاکانی ئێران، چونکە ئەم هاوپەیمانێتییە، ئەگەر رووبدات، تەنها زیان بە بەرژەوەندییەکانی “هەسەدە” لە سوریادا ناگەیەنێت، بەڵکو زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بوونی لە ناوچەکەشدا دەگەێنێت

ئامادەکردنی: هەدیل عوەیس – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی