پلاسخارت عێراق ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نیشانداوە

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق ئیرادەی خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری زۆرێک لە کێشەکانی دەربڕیوە.

جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق ئیرادەی خۆی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی چارەسەر، جا چ لە چارەسەرکردنی کێشەی مەلەفی ئاو، چ لە حوکمڕانی، چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا، بەدیهێنانی چاکسازی ئابوری و دارایی و چەندین بابەتی تر.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێرشە تیرۆریستییەی لە ساڵی 2003 بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکانی کردە ئامانج، سەرەتای شەپۆلێکی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی بوو کە عێراقییەکانیان کردە ئامانج، لە 20 ساڵی رابردوودا عێراق شایەتی گۆڕانکاری زۆر بووە، نەتەوە یەکگرتوەکانیش لە بەرپرسیارێتی خۆی بۆ گەیشتن بە ئاشتی نەوەستاون.

پلاسخارت وتیشی، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکانەوە کە 20 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن تیرۆریستانەوە کرایە ئامانج، سەنتەری چاکسازی دامەزرا کە بۆ چارەسەری بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بەکاردێت و بە پلانەکانی وەزارەتی تەندروستیش زۆرێک لە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان سودمەند دەبن لەو خزمەتگوزارییانە.