هەولێر – نۆرس پرێس
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئاشکرایکرد، لەماوەی 9 ساڵی رابردوودا، ئەمریکا لە عێراق سێ ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری بۆ کاری مرۆیی خەرجکردووە.
ئەلینە رۆمەناوسکی بالیۆزی ئەمەریکا لە عێراق رایگەیاند، لەساڵی 2014 ەوە، هاوکاری پێشکەش بە پێنج ملیۆن ئاوارە لە عێراقدا کراوە کە ئەویش لەپێناو کۆتاییهاتن بە رەوشی ئاوارەیی.
ئەمڕۆ شەممە ئەلینە رۆمەناوسکی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمەریکا زیاتر لە هەموو وڵاتەکانی دیکە هاوکاری پێشکەش بە عێراق کردووە.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق گووتیشی، ئەو سێ ملیار و 400 ملیۆن دۆلارەی کە بەخشراوەتە ئاوارەکان بۆ نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار ئاوارە بووە.
جێی ئاماژەیە لەدوای ساڵی 2014 ەوە و هاتنی چەکدارانی داعش بۆ ناوچەکە، ژمارەی ئاوارەکان لە عێراقدا ملیۆنێک ئاوارەی تێپەڕاند و بەشی هەرە زۆری ئەو ئاوارەنەیش لە هەرێمی کوردستان بوونە.
بەپێی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان نزیک بووەتەوە لە ملیۆنێک کەس، دواین داتای ناوەندی قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، لە ھەرێمی کوردستان %30 ئاوارەکان لە 36 کەمپ دەژین، لە بەرانبەردا %70یان لە دەرەوەی کەمپ و لەنێو دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان دەژین، کە سەرجەمیان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.