ئەمریكا بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە نیمچە دورگەی كوریای كردووە بە گۆڕەپانێك بۆ شەڕی ئەتۆمی

هەولێر- نۆرس پرێس

جۆن كێربی ڕێكخەری پەیوەندییە ستراتیژییەكانی كۆشكی سپی ڕایگەیاند، جۆو بایدن سەرۆكی ئەمریكا ئامادەیە بەبێ مەرجی پێشوەختە چاوپێكەوتن لەگەڵ كیم جۆنگ ئون رێبەری كۆریای باكور بكات.

جۆن كێربی لە لێدوانێكیدا رایگەیاندوە، بایدن لە ئەگەری ئەم دیدارەدا، پرسی داماڵینی چەكی ئەتۆمی كوریای باكور لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەكات.

باسی لەوەشكردوە، ئێمە ئامادەین لەسەر مێزی دانوستان دابنیشین بەبێ مەرجی پێشوەختە، بەڵام كوریای باكور هێشتا وەڵامێكی ئەرێنی بۆ ئەو پێشنیازە نەداوەتەوە.

وەزیری بەرگری كوریای باكور، ئەمریكای تۆمەتبار كرد بەوەی نیمچە دورگەی كوریای كردوە بە گۆڕەپانێك بۆ شەڕی ئەتۆمی.

لەلای خۆیەوە، كانگ سون نام وەزیری بەرگری كوریای باكور، لە میانی وتارەكەیدا لە 11ەمین كۆنفرانسی ئەمنی لە مۆسكۆ، ئەمریكای تۆمەتبار كرد بەوەی نیمچە دورگەی كوریای كردووە بە گۆڕەپانێك بۆ شەڕی ئەتۆمی.

ئەو وەزیرە ئاماژەی بۆئەوەشكرد، كێشەی نیمچە دورگەی كوریا بە دانوستان چارەسەر ناكرێت تا ئەمریكا بەشێوەیەكی ڕیشەیی سیاسەتی خۆی نەگۆڕێت، ئێستا تەنها هێزی فیزیكی دەتوانێت ڕێگری لە سەرهەڵدانی ململانێی ئەتۆمی بكات لە ناوچەكەدا.

ئەوەشی ئاشكراكرد، پیۆنگ یانگ دڵنیایە لە حەتمی شەڕی ئەتۆمی لە نیمچە دورگەی كوریا، پرسیارەكە چیتر ئەوە نییە كە ئایا شەڕی ئەتۆمی لە نیمچە دورگەی كوریادا هەڵدەگیرسێت یان نا، بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە كێ دەستی پێدەكات و كەی.