ئامادەکاریی بۆ پرۆسەی ناونووسینی حه‌ج دەکرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

دوای کۆتاییهاتنی وەرزی حەجی ئەمساڵ، بڕیارە پڕۆسەی ناونووسینی حەج بۆ ساڵی 2024 دەست پێ بکات.

نەبەر ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، ناونووسین تەنیا بۆ ساڵی داهاتوو (2024) دەبێت و ڕەنگە هەمان ڕێژەی ساڵی ڕابردووی هەبێت.

دوایین پرۆسەی ناونووسینی حەج دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2017 و زیاتر لە 86 هەزار کەس ناوی خۆیان نووسی، لەو ژمارەیەش زیاتر 20 هەزار کەس حەجیان کرد.

نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی لە پێنج ساڵی ڕابردوو نەچوونەتە حەج، وردبینی لە ناوەکانیان دەکرێت، پاش نووسینی ناوە نوێیەکان لەگەڵ ناوە کۆنەکان کۆیدەکەینەوە و بە ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار، تیروپشک ئەنجام دەدەین.

لە وەرزی حەجی ئەمساڵ، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی دارایی پێشکەشی حاجییان کردووە و گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتی، بۆ ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبێت.

لەبارەی دابەشکردنی ناوەکانەوە گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتی: بەپێی دانیشتووانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت.