رووسیا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ئەنجامدانی “فڕینی مەترسیدار” لە نزیک فڕۆکەکانیان لە ئاسمانی سوریا تۆمەتبار دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سووریا، “حمێمیم”، کە سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەیە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی “فڕینی مەترسیدار”ی دوو فڕۆکەی جەنگیی F-35 لە نزیک دوو فڕۆکەی SU-35ی رووسی بەسەر ئاسمانی سوریادا.
بەڕێوەبەری ناوەندی “حمێمیم”، لیوا ڤادیم کۆلێت، رایگەیاند، رووداوە نزیکبوونەوە مەترسیدارەکە لە 16ی ئەم مانگەدا و لە ناوچەی تەنەف، لە بەرزایی نزیکەی 7 هەزار مەترەوە روویداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوو فڕۆکە رووسییە گەشتێکی رۆتینییان لە نزیک سنوورەکانی باشووری سوریا ئەنجامداوە.
گوتیشی، فڕۆکەوانە رووسیەکان “لە کاتی پێویستدا لێهاتوویی بەرزیان نیشانداوە و ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی لەگەڵ دوو فڕۆکەکەی هاوپەیمانان تووشی پێکدادان نەبن”.
راشیگەیاند، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ماوەی چەند رۆژێکدا 13 جار پرۆتۆکۆڵەکانی خۆپاراستن لە بەریەککەوتنیان پێشێلکردووە، روونیشیکردەوە کە مەبەستی لە فڕینی ئەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانانەی هاوپەیمانییە کە بەبێ رێککەوتن لەگەڵ لایەنی رووسیدا ئەنجامدراون.