“یوفا” لیستی پاڵێوراوانی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپای بۆ وەرزی رابردوو راگەیاند

ژووری وەرزش – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا)، لیستی کۆتایی پاڵێوراوانی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپای بۆ وەرزی رابردوو راگەیاند.

لە لیستەکەدا دوو یاریزانی یانەی مانچستەر سیتی، ئێرلینگ هالاند و کیڤن دی برۆین و لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لە رکابەرە یەکەمەکانی ریزبەندییەکەن، خەڵاتەکە رۆژی 31ی ئاب، لە مۆنتیکارلۆ پێشکەش دەکرێت.

هەروەها لە لیستی راهێنەرانیشدا، کە هەر دوێنێ راگەێنرا، پیپ گواردیۆلای ئیسپانی، راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی، بە یەکێک لە دیارترین پاڵێوراوەکان دادەنرێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین راهێنەر لە ئەوروپا.

پیپ رکابەری لەگەڵ سیمۆن ئینزاگی، راهێنەری ئینتەرمیلان دەکات کە سەرکردایەتی تیپەکەی کرد بۆ یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، هەروەها لوسیانۆ سپالێتی، کە نازناوی یەکەمی بۆ  یانەی ناپۆلی لە خولی ئیتاڵیادا لە دوای 33 ساڵ بەدەستهێنا.

ئەستێرەی بەڕازیل و یانەی ریاڵ مەدرید، ڤینیسیۆس جونیۆر و محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسر و لیڤەرپوول، لە لیستی 10 باشترین یاریزانی ئەوروپادا ونن.

ریزبەندییەکە، لە پلەی چوارەمەوە بۆ پلەی 10، بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

4- ئیلکای گوندۆگان (مانچستەر سیتی): 129 خاڵ

5- ڕۆدری (مانچستەر سیتی): 110 خاڵ

6- کیلیان مباپێ (پاریس سان جێرمان): 82 خاڵ

7- لۆکا مۆدریچ (ریال مەدرید): 33 خاڵ

8- مارسێلۆ برۆزۆڤیچ (ئینتەر): 20 خاڵ

9- دیکلان ڕایس (وێستهام): 14 خاڵ

10- ئەلێکسیس مەکئەلیستەر (برایتۆن): 12 خاڵ