لوكاشینكۆ: هەر هێرشێک بکرێتە سەرمان بە چەکی ئەتۆمی وەڵام دەدەینەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەلێكساندەر لوكاشینكۆ، سەرۆكی بیلاڕووسیا رایگەیاند، کە “وڵاتەكەی دەستبەجێ وەڵامی هەر دەستدرێژییەكی رۆژئاوا دەداتەوە، نەك تەنها بە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی، بەڵكو بە هەمو ئەو چەكانەی كە هەیانە”.

لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا، لوكاشینكۆ رایگەیاند، “هێرشكردنە سەر بیلاڕوسیا قبوڵ ناكرێت و ئێمە لە كێبڕكێدا نین لەگەڵ ئەو وڵاتانەی پۆڵندا و لیتوانیا و لاتیڤیا، لەكاتێكدا ناتۆ لە پشتیانەوە وەستاوە، بێگومان تێدەگەین كە دەكرێت بەراوردێك لە نێوان هاوسەنگی ئەو هێزانەدا بكرێت، بەڵام ئێمە دەتوانین بەجۆرێک لێیان بدەین كە زیانێکی مەزنیان پێبگات”.

ئاماژەی بەوەشكرد، کە “دەتوانرێت لە ئێستا جەنگی ئۆکرانیا بوەستێنرێت، پێشتریش و ئێستاش بوار هەبووە و هەیە كە ئەو شەڕە كۆتایی پێبهێندرێت”.

گوتیشی، لە ئەگەری ئەوەی ئۆكرانییەكان سنورەكانی بیلاڕوسیا نەبەزێنن، مینسك بەشداری ئەو شەڕ و پێكدادانانە ناكات كە لە ئۆكرانیا رودەدەن، “بەڵام ئێمە هەمیشە هاوكاری رووسیا دەكەین، چونكە رووسیا هاوپەیمانی هەمیشەیی بیلاڕوسیایە.

لۆکاشینکۆ رایگەیاند، کە “55 وڵات بەئاشكرا یارمەتی ئۆكرانیا دەدەن، بەڵام تەنها بیلاڕووسیا بە ئاشكرا لە پشت رووسیا وەستاوە”.