دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای بەسەر دوو کوتلەی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار و سێ سەرکردەی ناو ئەو کوتلانەدا سەپاند بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی قورسی مافی مرۆڤ لە سوریا.
بەپێی بڕیارەکەی گەنجینەی ئەمریکا، کە ئەو سزایانەی بەسەر لیوای سولەیمان شا و فیرقەی حەمزەدا سەپێنراون، بەپێی بڕیاری جێبەجێکردنی ژمارە 13894 هاتووە، ئەویش بەهۆی تێوەگلانیان لە ئەنجامدانی پێشێلکاریی گەورەی مافی مرۆڤ لەدژی سوورییەکان و بەهۆی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەم پێشێلکاریانەدا.
سزا بەسەر سێ سەرکردەی دیار لە فراکسیۆن و گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئەنقەرەدا سەپێنراوە، کەپێکهاتوون لە محەمەد حسێن جاسم نازناوی (ئەبو امشا) فەرماندەی لیوای سلێمان شا، هەروەها وەلید حسێن جاسم کە برا بچووکەکەی ئەبو ئەمشەیە و ڕۆڵی سەرکردایەتی لە لیوای سلێمان شادا هەیە.
هەروەها سزای کەسێکیش درا بە ناوی سەیف بۆلاد ئەبوبەکر کە سەرکردە و کەسێکی دیاری فیرقەی حەمزەیە، جگە لە بریکارێکی ئۆتۆمبێلی سەر بە ئەبو ئەمشە کە ناوی (سافیر ئۆتۆ)ەو وەبەرهێنانی لەپێناو دابینکردنی داهات بۆ ئەبو ئەمشەی دەکرد.
برایان ئی نیلسۆن، یاریدەدەری وەزیری دارایی دەڵێت، ئەو کارەی ئەمڕۆمان نیشاندەری پابەندبوونی بەردەواممانە بۆ پێشخستنی لێپرسینەوە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردنی سورییەکان بۆ ژیانێکی بێ ترس و دوور لە گرووپە چەکدارەکان.