هەولێر- نۆرس پرێس
فەرماندەی گشتیی نوێی ھاوپەیمانان لە عێراق و سوریا باس لە رۆڵی ئەمریکا و عێراق لە نەهێشتنی باندە تیرۆریستییەکان دەکات و لەوەڵامی سەرۆک وەزیرانی عێراقیشدا، رایگەیاند، لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لێرەن و رۆڵی خۆیان وەک رۆڵێکی راوێژکاری وەسف دەکەن، دەشڵێت، “کاتەکانمان بە راوێژکاری و هاوکاریکردن بەسەر دەبەین لە دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ، جەنەڕاڵ ماتیۆ ماکفارلین، فەرماندەی گشتیی نوێی ھاوپەیمانان لە عێراق و سوریا لە کۆنگرەیەکی تایبەتی ئۆنلاین، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسان، رایگەیاند، دیالۆگی هاوکاری ئەمنی هاوبەش پابەندبونی ئێمەی وەک هاوبەشێک لە هاوکاری ئەمنی دوقۆڵی لەگەڵ عێراق و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لە بواری ئاسایشی ناوچەکەدا دوپاتکردەوە، ئەم دیالۆگە روداوێکی مێژویی و وێستگەیەکی ناوەندی لە رێڕەوی پەیوەندییەکانی هاوکاری ئەمنی نێوان حکومەتی ئەمریکا و عێراق پێکهێنا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە روانگەی سەربازییەوە، ئامادەبوان جەختیان لەسەر بونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کردەوە لە بینینی رۆڵی راوژێکاری ئەوەش لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق، بەمەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاری و بەهێزکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە کاتی شەڕیان دژی داعش.
فەرماندەی گشتیی نوێی ھاوپەیمانان لە عێراق و سوریا دەڵێت، هێزە عێراقییەکان لە چەند ساڵی رابردودا پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە لەسەر رێگای بەدیهێنانی شکستی هەمیشەیی داعش، هەروەها بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی رێکخراوەکە، پێمانوایە رێکخراوەکە هێشتا کار بۆ گەڕانەوەی دەکات، بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵ هێزە هاوبەشەکانمان لە چوارچێوەی ئەرکی هاوبەشمان بۆ دڵنیابون لە شکستی بەردەوامی داعش.
ئەوەشی خستەڕو، داعش چیتر هیچ خاکێکی لەژێر دەستدا نییە و لەناو سەرکردە و چەکدارەکانیدا زیانێکی زۆری بەرکەوتوە و ساڵ لەدوای ساڵ شایەتی کەمبونەوەی ژمارەی هێرشەکانی ئەو رێکخراوە دەبین، بەوپێیەی ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەڕێژەی 65%یان زیاتر کەمبونەتەوە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردو.
جەنەڕاڵ مەکفارلین دەشڵێت، گومانی تێدا نییە کە لەڕوی هەوڵەکانمان و پاڵپشتیمان بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حکومەتی عێراق، سەرنجمان لەسەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەیە، من پێموایە ئێمە بەشداری لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەدا دەکەین لە ڕوی بنیاتنانی تواناکانی هێزە هاوبەشەکانمانەوە.
رونیشیکردەوە، “ئێمە سەرنجمان لەسەر داعشە، هەروەها راپۆرتیشمان پێگەیشتوە کە هێرشی گەورەتری داعش دەستیپێکردوە، یەکێکیان لە باشوری دیمەشق و یەکێکی دیکەشیان لە باشوری ڕوباری فورات لە دێرەزور، کە تێیدا پاسێک کە سەربازەکانی لە سوپای سوریادا هەڵدەگرت، کراوەتە ئامانج، بۆیە بونی ئەو هێرشە گەورەترانە لە ماوەی مانگی رابردودا زۆر جێگەی نیگەرانییە، ئێمە لە نزیکەوە چاودێری ئەم بابەتە دەکەین و هیوادارین رژێم و لایەنەکانی دیکە بتوانن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان روبەڕوی داعش ببنەوە”.
لەوەڵامی لێدوانێکی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە رایگەیاندبو، عێراق پێویستی بە هێزی شەڕکەر نیە، ئەو فەرماندە باڵایەی هاوپەیمانان، وتی، “ئێمە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لێرەین و زۆرجار ڕۆڵی خۆمان وەک ڕۆڵێکی راوێژکاری وەسف دەکەم، ئێمە کاتەکانمان بە راوێژکاری و هاوکاریکردن بەسەر دەبەین لە دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و دڵنیابون لەوەی کە توانای ئەوەیان هەیە رۆڵی شەڕکردن بگرنە ئەستۆ، ئەوانیش لەو کارەدا زۆر باشن و بەردەوامن لە پێشکەوتن لە ڕوی نیشاندانی پێداویستییەکانی شەڕەوە بۆ مسۆگەرکردنی شکستی هەمیشەیی داعش.