پاڵەوانێتی “ئینتەر ئەمریکا ” لە نێوان ئەمریکای لاتینی و باکووردا زیندوو دەکرێتەوە
ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
بەشێوەیەکی فەرمی هەردوو فیدراسیۆنی کۆنمیبۆل بۆ یانەکانی ئەمریکای لاتین و کۆنکاف بۆ ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست لەسەر ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکی نوێ رێککەوتن و لە ساڵی 2024 پاڵەوانێتییەکە دەستپێدەکات.
زیندوو کردنەوەی ئەم پاڵەوانێتییەش، کە پێشتر لە 1968 تاوەکو ساڵی 1998 ئەنجامدراوە و ساڵی 2024 جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە، بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ یاریکردنی ئەستێرەی ئەرجەنتینی “لیۆنێل مێسی” لە یانەیەکی ئەمریکای باکوور، کە یانەی ئینتەر میامییە.
لە پاڵەوانێتییەکەدا کە ناوی ئینتەر ئەمریکایە ئەو یانانەی بەشداردەبن بەسەر چوار ئاست دابەشکراون، پاڵەوانی جامی کۆنکاف، پاڵەوانی جامی خولەکان، پاڵەوانی جامی لیبەرتادۆرێس و پاڵەوانی جامی ئەمریکای باشوور.
ئەم هەنگاوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی هەردوو ئەمریکای باشوور و ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست لەکاتێکدایە، لیۆنێل مێسی و ئینتەرمەیامی لە یاریی کۆتایی جامی خولەکاندا بەرامبەر یانەی ناشڤیڵ یارییدەکەن و یانەکە دەیەوێت یەکەم نازناو لە مێژووی خۆیدا بەدەستبهێنێت.
بەپێی ئەم رێککەوتنە، لە ئەگەری بردنەوەی نازناوەکە لەلایەن ئینتەرمەیامییەوە، ئەوا مێسی و تیپەکەی بەشداری لەو پاڵەوانێتییەدا دەکەن.
جگە لەوەش کلاودیۆ تاپیا، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین و ئەلیخاندرۆ دۆمینگێز، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور، کاردەکەن بۆ ئەوەی یانەی ئینتەرمەیامی بۆ بەشداریکردن لە رکابەرییەکانی جامی لیبەرتادۆرێس، کە گەورەترین پاڵەوانێتییە لەسەر ئاستی یانەکانی ئەمریکای باشوور (لاتینی) بانگهێشتبکرێت.