ئیدلب – نۆرس پرێس
ئەمرۆ پێنجشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 13 پەنابەری سورییان رادەستی دەستەی تەحریر شام (پێشتر بەرەی نوسرە بوون) کرد لە دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا لە باکووری ئیدلب، دوای سێ هەفتە لە دەستبەسەرکردنیان لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە گوندی خربەت ئەلجۆز لە باکووری رۆژئاوای ئیدلبەوە بۆ ناو تورکیا.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەو 13 دەستگیرکراوە لەلایەن جەندرمەی تورکیاوە رادەستی ئاسایشی پەرینەوە کراون، لەوێ پەنجەمۆریان لێوەردەگیرێت بە ئامانجی رێگریکردن لە چوونە ناو خاکی تورکیا، ئاماژەی بەوەشدا، ئەم رادەستکردنە شەشەمین جارە لەم مانگەدا.
سەرچاوەیەک لە ئیدارەی دەروازەی باب ئەلهەوا بۆ نۆرس پرێس پشتراستیکردەوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە رادەستی دەروازەی باب ئەلهەوا کراون لەم مانگەدا گەیشتووەتە 98 کەس.