تا ئێستا شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق نەگەیشتوون بە رێککەوتن
هەولێر – نۆرس پرێس
دوای دوو رۆژ گفتوگۆی نێوان شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر داھاتە نانەوتییەکان و خەرجی کۆمپانیاکان، هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی و ئەو دۆسیانە وەک خاڵی ناکۆک لەنێوان ھەردوولادا ماوەتەوە.
سەرچاوە حیزبی و نافەرمییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە زاری دەسەڵاتداران و بەرپرسانی ناوخۆییەوە، لێدوانی جیا لەمبارەوە دەخەنە ڕوو، بەشێک لە ئاژانسەکان رایانگەیاند کە هۆکاری رێکنەکەوتنەکە ئەوەیە، کە حکومەتى فیدراڵى داوادەکات داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکەى عێراق رادەستى بەغدا بکرێت، کە تێکڕاى داهاتەکەیە، بەڵام شاندى هەرێمى کوردستان رەزامەند نییە و نایەوێت وەک پارێزگاکانى دیکە مامەڵە لەگەڵ داهاتى نانەوتى هەرێمی کوردستان بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە چەند میدیایەکی دیکەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدەن، کە رادەستکردنی ئەم داهاتانە بە حکومەتی مەرکەزی بەغدا، واتە 100% ی داهاتە نانەوتییەکان بگەڕێتەوە بگەڕێتەوە گەنجینەی عێراق و دواتر بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێتەوە، بە گوتەی ئەم میدیانە بێت، ئەگەر شاندی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ناکۆکییەکانی نێوانیان، ئەوا بەغداد مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان دەنێرێت.