عەشیرەتی جبوری دانوستان لەگەڵ حکومەتی سوریا شکستی هێنا و داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرا

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەکرەم مەحشوش یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی عەشیرەتی جبوری، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نۆرس پرێسی ڕایگەیاند، دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا سەبارەت بە کێشەی الدفاع الوطني و لابردنی عەبدولقادر حەمۆ،  شکستی هێنا.

پێشتریش شاندێک لە کەسایەتییە دیارەکانی عەشیرەتی جبوری و عەشیرەتەکانی تری عەرەبی چوونەتە ناو بینای پارێزگای حەسەکە لەناو گۆڕەپانی ئەمنی، بۆ دڵنیابوون لە دوورخستنەوەی عەبدولقادر حەمۆ، سەرۆکی میلیشیای  الدفاع الوطني لەو شارەدا.

مەحشوش ئاماژەی بەوەشدا، کە قسەکانی پارێزگار سەبارەت بە  پابەندبوون بە یاسا ناراستن، تا ئێستا حکومەتی سوریا لە ناو حەسەکە نەیتوانیوە کەسێک دەستگیر بکات کە زیان بە شارەکە دەگەیەنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی حکومەتی سوریا نەیتوانی داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات، ئێستا هەموو ئەگەرەکان  کراوەن سەبارەت بە کێشەی هێزەکانی الدفاع الوطني و فەرماندەکەیان کە تا ئێستاش ئازادە و دەستگیر نەکراوە.

ئامادەکردنی: سامر یاسین – داڕشتنەوە: سەعەد یازچی