هەولێر- نۆرس پرێس
ئامارەكانی پێگەی ئەرشیفی توندوتیژیی بە دەمانچە لە ئەمریكا دەریدەخەن، کە ژمارەی تەقەكردنە بەكۆمەڵەكانی ئەمریكا لەمساڵدا تۆماركراوەكانی 10 ساڵی رابردووی ئەو وڵاتەی تێپەڕاندووە، بەجۆرێك لەمساڵدا 443 رووداوی تەقەی بەكۆمەڵ تۆماركراون.
بە پێی ئاژانسی هەواڵی روسیا، پێگەی ئەرشیفی توندوتیژیی بە دەمانچە، لە ماوەی 227 رۆژی ئەمساڵدا 443 تەقەی بەكۆمەڵ لە 41 ویلایەتی ئەمریكا روویانداوە، دەسەڵاتداران 28 حاڵەتی كوشتنی بەكۆمەڵیان، تۆماركردوە.
بە پێی ئامارەكان، لە ساڵی 2022دا، 414 تەقەكردنی بەكۆمەڵ و 19 كوشتنی بەكۆمەڵ لەو وڵاتەدا تۆماركراون، لە ساڵی 2021دا 688 تەقەكردنی بەكۆمەڵ تۆماركراون كە گەورەترین تۆمارە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەو پێیەش تا ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی رابردوو، 433 تەقەكردنی بەكۆمەڵ و 18 كوشتنی بەكۆمەڵ تۆماركراون.
پێگەی ئەرشیفی توندوتیژیی بە دەمانچە لە ئەمریكا، پێشبینی دەكات، ئەگەر تا كۆتایی ئەمساڵ رێژەی تەقەكردنی بەكۆمەڵ لەو ئاستەی ئێستادا بمێنێتەوە بە واتای دوو روداوی كوشتن لە رۆژێكدا، پێدەچێت تا كۆتایی ساڵەكە زیاتر لە 700 تاوانی هاوشێوە لە وڵاتەكەدا روبدەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوی ئیدارەی جۆو بایدنی سەرۆكی ئەمریكا، زۆرترین ئاماری كوشتن، تۆمار كراون، بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بە دەمانچە بەرپرسیارییەتێكی ئاشكرا و فەرمییە بۆ ئیدارەی جۆو بایدن بەڵام بەرەو پێشچوونێکی بەرچاو لەم پرۆسەیەدا بەدی ناكرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمساڵ زیاتر لە 11 هەزار كەس لە ئەمریكا بەهۆی چەكی ئاگرینەوە گیانیان لەدەستداوە كە نزیكەی هەزار و 100 یان منداڵ و هەرزەكار بوون.
جێی باسە جۆو بایدنی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندووە، دەمانچە بكوژی ژمارەیەكی منداڵانی ئەمریكایە، كە بەهۆیەوە منداڵان زیاتر لە ئەفسەرانی پۆلیس و سەربازی، گیان لەدەست دەدەن.