داهاتووی کیلیان مباپێ بەتەواوەتی دیارنیە

ژووری وەرزشی – نۆرس پرێس

16 رۆژی دیکە وادەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان کۆتایی دێت، هێشتا داهاتووی کیلیان مباپێ، لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان بەتەواوی دیارنییە، رۆژنامەی لیکیپ ئاشکرایکرد کە نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە هەر نەکراوە.

دوای یاریی یەکەمیان لە خولی فەرەنسا و یەکسانبوونیان بەرامبەر یانەی لۆریان بەبێ گۆڵ، پاریس سانجێرمان گەڕانەوەی کیلیان مباپێ بۆ نێو مەشقەکانی یانەکە راگەیاند، گەڕانەوەی یاریزانەکەش بۆ نێو تیپەکە کاردانەوەی زۆری دروستکرد و هەریەکە و بەشێوەیەکی جیاواز لە بابەتەکە دەگات و چەند سەرچاوەیەکیش بڵاویانکردووەتەوە کە ئەگەری هەیە مباپێ گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.

رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە کە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی رابردوو لەنێوان ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان و کیلیان مباپێ باسی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە تاوەکو هاوینی ساڵی 2025 نەکراوە، گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ نێو مەشقەکانی پاریس سانجێرمان هیچ پەیوەندییەکی بە نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکەوە نییە، تەنیا مباپێ ویستوویەتی یاریی بکات و نایەوێت تاوەکو مانگی داهاتوو چاوەڕوان بێت.

بەپێی رۆژنامە فەرەنسییەکە، مباپێ لەبەرامبەر مانەوەی لە پاریس سانجێرمان تاوەکو هاوینی داهاتوو، بەبێ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، لە بەشێکی زۆری ئەو پاداشتەی خۆشدەبێت کە لەلای یانە فەرەنسییەکەوە هەیەتی و دەگاتە 100 بۆ 150 ملیۆن یۆرۆ، ئەگەر ئەمە رووبدات یاریزانەکە ئەم وەرزە لە یانەکە دەمێنێتەوە و هاوینی ساڵی 2024 بێ بەرامبەر دەتوانێت لە یانەی پاریس سانجێرمان بڕوات.

بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی ریاڵ مەدرید لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا هیچ یاریزانێکی دیکە ناگوازێتەوە و مباپێ پەیوەندی بە یانەکەوە ناکات، بەمەش دەبێت هاندەرانی یانەی شاهانە تاوەکو هاوینی ساڵی داهاتوو لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە.

مباپێ گرێبەستەکەی لە هاوینی 2024 کۆتایی دێت، دوای ئەوەی یاریزانەکە ئامادەنەبوو کار بەو بەندەی نێو گرێبەستەکەی بکات کە رێگەی دەدا تاوەکو هاوینی 2025 گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێ بکاتەوە.