یەکێک لە پیاوماقوڵانی هۆزی “تیی” بۆ نۆرس پرێس: پشتگیری ئامۆزاکانمانین لە هۆزی جبوور لە حەسەکە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، سامر ئەلتائی، کە یەکێکە لە پیاوماقوڵانی هۆزی تیی لە قامیشلۆ، بە نۆرس پرێسی رایگەیاند، پشتیوانی ئامۆزاکانیان دەکەن لە عەشیرەتی جبوور لە حەسەکە، گوتیشی، ناوچەکە پێویستی بە هاودەنگی هەیە لەم ماوەیەدا.
دوێنێ سێشەممە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هۆزی جبوور و میلیشیای “دیفاع وەتەنی”ی دەوڵەتی سوریادا لە حەسەکە دووبارە بوویەوە، بەهۆی پابەندنەبوونی دەوڵەت بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ هۆزەکە، بۆ دەرکردنی ئەو میلیشیایە لە ناوچەکە، هۆزی جبوریش ئەندامانی چەکداری خۆیان کۆکردەوە بۆ هێرش کردنەسەر چوارگۆشەی ئەمنی ناو شارەکە.
ئەلتائی لە چاوپێکەوتەکەیدا لەگەڵ نۆرس پرێس ئەو هەواڵەی رەتکردەوە، کە سەبارەت بە پشتگیریکردنیان بۆ “دیفاع وەتەنی” بڵاوبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانی عەشیرەتی جبووریان کردووە لە حەسەکە، پشتیوانی خۆیان بۆیان راگەیاندووە، هەروەها فەرماندەی میلیشیای “دیفاع وەتەنی” تەنها نوێنەرایەتی خۆی و ئەو حزبە دەکات کە کاری بۆ دەکات، بە گوتەی ئەو.
چەند رۆژێک لەمەوبەر فەرماندەی میلیشیای “دیفاع وەتەنی” لە حەسەکە، عەبدولقادر حەمۆ، دەستدرێژی کردە سەر “شێخ عەبدولعەزیز محەمەد ئەلمەسڵەت”، کە یەکێکە لە شێخەکانی عەشیرەتی جبوور و لە خۆی و دوو کوڕەزاکەی دابوو، دوای ئەوە ئەندامانی هۆزەکە خۆپیشاندانیان کرد و هێرشیان کردە سەر بارەگای میلیشیای “دیفاع وەتەنی” لەناو گۆڕەپانی چوارگۆشەی ئەمنی.
ئێوارەی دوێنێ سەرۆکی هۆزی جبوور، عەبدولعەزیز ئەلمسڵەت، لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، “تا سبەی بەیانی مۆڵەتیان بە حکومەتی سوریا داوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیای “دیفاع وەتەنی” و دوورخستنەوەیان بە تەواوی لە حەسەکە”.