ئەمریکا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە رۆژئاوایی کوردستان دووپاتدەکاتەوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس


دووبارە واشنتۆن جەختیکردەوە لەسەر هەلوێستی خۆی لە دژی هەر ئۆپەراسیۆنێکی تورکیا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە دا، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی پاراستنی ئاگربەست لەلایەن سەرجەم هێزەکان کردەوە.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئەمریکا “مۆڵەت نادات و گڵۆپی سەوزیش بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە سوریا نادات”.
پاتێل ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستی وڵاتەکەی “نەگۆراوە، و بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی پاراستنی ئاگربەستی ئێستا”، جەختیشیکردەوە “گرنگە هەموو لایەنەکان رێز لە بریاری ئاگربەستەکە بگرن وبپارێزن، چونکە بەردەوامی ئاگربەست دەبێتە هۆی سەقامگیری لە سوریا، و کارکردن بۆ چارەسەری سیاسیی لەو وڵاتە”.
جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نیگەرانیی خۆی لە توندوتیژییەکانی باکووری سووریا و کاریگەری ئەم توندوتیژییە لەسەر دانیشتوانی مەدەنی نیشاندا، گوتی ئەگەر هەیە ئەو توندوتیژییە ببێتە هوکاری لەناوچوونی ئەو دەستکەوتنانەی کە لە دژی داعش بەدەستهێنراون.
جەختیشیکردەوە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە “هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا”.
تورکیا بەردەوامە لە بۆردومانەکانی بۆ سەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لە رێگەی تۆپخانە و درونەکان، و بە بەردەوامی هەرەشەی لەشکرکێشی زەمینی دەکات.
لە کۆتایی ساڵی 2019، لە دوای هێرشی سەر سەرێ کانی و گرێ سپی، تورکیا دوو رێککەوتنی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەمریکا و رووسیا بۆ ئاگربەست لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا واژۆ کرد.