مۆسکۆ واشنتۆنی بە بەرپرسیار زانی لە کوژرانی 33 سەربازی سوریی
دیمەشق– نۆرس پرێس
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، هێزەکانی ئەمریکای بە بەرپرسیار زانی لە هێرشەکەی داعش بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی سوریا کە لەئەنجامدا 33 سەرباز کوژران.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، داعش هێرشی کردە سەر هێزەکانی حکومەت لە گوندەواری دێرەزوور و بەهۆیەوە زیاتر لە 33 سەرباز کوژران 10 دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە لە ماڵپەری خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە بوونی سەربازی “نایاسایی” ئەمریکا لە سوریا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناسەقامگیری ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، مەترسی سەرەکی بۆ سەر ئاسایشی سوریا لەو ناوچانەوە دێت کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی سوریادایە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە “سیاسەتی واشنتۆن بە ئامانجی پاراستنی داگیرکردنی ناوچە بەرفراوانەکانی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کە بە سامانی نەوت و گاز و سەرچاوە کشتوکاڵییەکانی دەولەمەندە و بەردەوامی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر دیمەشق دەبێتە هۆی تێکچوونی زیاتری دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری، زیادبوونەوەی کاری توندرەوی لە ناوچەکەدا”.
شەممەی رابردوو داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێک لە دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند کە لە ئەنجامدا دەیان سەربازی حکومەت کوژران و بریندار بوون.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی سوریا، شەممەی رابردوو رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سەر بە ئەمریلکا پاسێکی سەربازانی سوریایان کردە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک سەرباز کوژران و کەسانی دیکەش برینداربوون.