هەولێر – نۆرس پرێس
ئەو سەرکردە سەربازییانەی لە نەیجەر کودەتایان کردووە، بەنیازن محەمەد بازوم، سەرۆکی لەکارلادراوی ئەو وڵاتە، بە تۆمەتی “خیانەتی گەورە” و “تێکدانی ئاسایشی وڵات” دادگایی بکەن.
لە بەیاننامەیەکدا کە لە تەلەفزیۆنی نیشتمانیی خوێندرایەوە، ئامادۆ عەبدولڕەحمان، ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازیی رایگەیاند، “بەڵگەیان کۆکردووەتەوە بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆکی لەکارلادراو و هاوبەشە ناوخۆیی و بیانییەکانی، بە تۆمەتی خیانەتی گەورە و تێکدانی ناوخۆی نەیجەر.
ئەنجوومەنی سەربازی دووپاتیکردەوە “سەرۆکی لەکارلادراو هێشتا هەموو ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بۆی فەراهەمە و سوپا نەچووەتە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی.