فەرماندەیەکی حکومەتی سوریا لە حەسەکە دورخرایەوە و لە دیمەشق دادگایی دەکرێت

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەو فەرماندەی سەر بە حکومەتی سوریا کە دەستدرێژی و سوکایەتی بە یەکێک لە شێخەکانی هۆزی جبور لە حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستان کردبوو، بۆ دیمەشق گواسترایەوە.
یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی هۆزی جبور بەناوی ئەکرەم مەحشوش، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، فەرماندەی بەرگری نیشتمانی، عەبد ئەلقادر حەمۆ، لە کارەکەی دوورخرایەوە و گواسترایەوە بۆ دیمەشقی پایتەخت، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، عەبدولقادر حەمۆ، فەرماندەی بەرگریی نیشتمانی لە شاری حەسەکە، هێرشی کردە سەر شێخ عەبدولعەزیز محەمەد مسەلەت، کە یەکێکە لە شێخەکانی عەشیرەتی جبور و دوو برازاکەی، دوای روداوەکە، ئەندامانی عەشیرەتی جبور خۆپیشاندانیان کرد و هەوڵی هێرشکردنیاندا بۆ سەر بارەگای بەرگری نیشتمانی لەناو چوارگۆشەی ئەمنیدا لە شاری حەسەکە.
مەحشوش ئاماژەی بەوەشکرد، دوای رێککەوتنی نێوان عەشیرەتی جبور و بەرگریی نیشتمانی بۆ دەرکردنی ئەو فەرماندەیە و رەوانەکردنی بۆ دادگاییکردن، کۆتایی بەو گرژییە هات.
مەحشووش ئاماژەی بەوەدا کە فەرماندەی بەرگری نیشتمانی “عەبدولقادر حەمۆ” بەبێ پاسەوانەکانی گوازرێەوە بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا، بەپێی بەڵێنەکانی ئەو لایەنی کە ناوبژوانی ل نێوان هۆزەکە و بەرگری نیشتمانی، دەبێت حەمۆ لە دیمەشق دادگایی بکرێت.
لە کاتی خۆپێشاندانەکەی هۆزی جبور، داوای هەڵوەشاندنەوەی بەرگریی نیشتمانیی سەر بە حکوومەتی سوریاو دەربەدەرکردنی فەرماندە سەربازییەکەی، عەبدولقادر حەمۆ، لە شاری ئەلحەسەکەیان کرد، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان.