دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی سێ ئەندامی “داعش”ی راگەیاند
سلێمانی – نۆرس پرێس
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی “سێ تیرۆریستی داعش” یان راگەیاند.
لە راگەێنراوێکی دەزگاکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە “بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، سێ تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکرد.”
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزەکانی ئاسایش لەدوای بەدەستگەیشتنی زانیاریی هەواڵگری “لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵەوە، لەسەر بونی سێ تۆمەتبار بە مادەی چواری تیرۆر، بە مەبەستی دەستگیرکردنی داواکراوان هێزەکانی ئاسایش بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، توانیان لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا تیرۆریستان دەستگیربکەن.”
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆپەراسیۆنی یەکەم، لە رۆژی 2ـی ئابدا بووە و ئۆپراسیۆنی دووەمیش، 13ـی ئابی ئەمساڵ ئەنجامدراون.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو کەسەی لە ئۆپەراسیۆنی دووەمدا دەستبەسەرکراوە، “لە ریزەکانی داعشدا کاری بردن و گواستنەوە و دابەشکردنی ماڵ و سامانی کوردانی ئێزدی بووە لە ناوچەی شنگال.” و ئێستا “هەر سێ تیرۆریستی داواکراو” رادەستی یاسا کراون.