بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە باکووری رۆژئاوای سوریا بەردەوامە
ئیدلب – نۆرس پرێس
لە باکووری رۆژئاوای سوریا (ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا) حەوت حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکرا.
“تۆڕی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و وەڵامدانەوەی پەتاکان” رایگەیاند، 531 حاڵەتی گومانلێکراوی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا هەیە، لەو ژمارەیەش حەوت تووشبووی پشتراستکراوەتەوە (پێنج حاڵەت لە شارەکانی ئیدلب و حارم، و دوو تووشبوو لە ناوچەی عەفرین لە باکووری رۆژئاوای حەلەب) تۆمارکراون.
بەگوێرەی تۆری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و وەڵامدانەوەی پەتاکان، لە سەرەتای تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا لە ناوەراستی ئەیلوولی 2022 تاوەکو ئێستا 946 تووشبووانی کۆلێرا لە باکووری رۆژئاوای سوریا تۆمارکراون، هەروەها کۆی گشتی ئەو کەسانی بە کۆلێرا گیانیانلەدەستداوە گەیشتووەتە 24 کەس.
هەینی رابردوو هەمان تۆڕ، رایگەیاند بە سەدان حاڵەتی گومانلێکراوی تووشبوون بە کۆلێرا لە باکووری رۆژئاوای سوریا سەردانی نەخۆشخانەکانی ناوچەکەیان کردووە.