پلەکانی گەرما لە عێراق بە رێژەی 2 بۆ 7 هێندە خێراتر بەراورد بە پێوانەکانی پلەکانی گەرمای ناوچەکانی تری جیهان بەرزدەبنەوە

هەولێر- نۆرس پرێس

پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ گەشەپێدان لە عێراق رایگەیاندووە، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، عێراق ساڵانە نزیکەی 400 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەدەستدەدات.

ئۆکی لوتسمە، نوێنەری پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ گەشەپێدان لە عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، عێراق لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین زیانیان بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، بەرکەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرما لە عێراق بە رێژەی 2 بۆ 7 هێندە خێراتر بەراورد بە پێوانەکانی پلەکانی گەرمای ناوچەکانی دیکەی جیهانی، بەرزدەبنەوە، ناوچە زۆنگاوییەکانی عێراق زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە بەردەم کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ساڵانی رابردوش گەواهیدەری بەرزبونەوەی پلەکانی گەرمان لەو ناوچانەدا بۆ زیاتر لە 55 پلەی سەدی، کە ئەوەش بوەتەهۆی زیادبونی توندیی وشکەساڵی ئەو ناوچانە.

ئۆکی لوتسمە لە درێژەی قسەکانیدا، وتی، وەرزی بارانبارینی عێراق لە ساڵی 2020 – 2021دا دوەمین وەرزی وشکەساڵییە بە درێژایی ماوەی 40 ساڵ، کە بووەتە هۆی کەمبونەوەی لێشاوی ئاوی روبارەکانی دیجلە و فورات بە رێژەی 29% و 73% دوابەدوای یەک، بەوەش سەرچاوەکانی ئاوی وڵاتەکە کەمبوونەوەی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.

نوێنەرەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا وەک وشکبونەوەی ناوچە زۆنگاوییەکان، تێکچونی پارچە زەوییەکان و دیاردەی بەبیابانبون، وا دەکەن کە عێراق ببێتە یەکێک لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زۆرترین کاریگەریی بەهۆی شەپۆلەکانی خۆڵبارینەوە، بەرکەوتوە.

ئەوەشی خستەڕو، گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە دروستبونی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر عێراق و دەکرێت کاریگەریەکانی ئەو هەڕەشەیەش لە کەمیی ئاو، شەپۆلەکانی خۆڵبارین، شەپۆلی توندی گەرما، دیاردەی بەبیابانبون، ئاسایشی خۆراکی، لەدەستدانی هەمەجۆریی بایەلۆجی و تێکچونی پارچە زەوییەکان، خۆیان ببیننەوە، وەک چۆن عێراق ساڵانە نزیکەی 400 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەدەستدەدات.

ئۆکی لوتسمە گووتیشی، پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتوەکان پاڵپشتیی بۆ زۆرێک لە وەزارەتەکانی عێراق وەک ژینگە و سەرچاوە ئاوییەکان، پلاندانان و کارەبا پێشکەش دەکات، ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ پەرەپێدانی چارەسەری کردەیی و زانستی بۆ روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە چەند ئاستێکدا.

ئەو نوێنەرە جەختیشی کردەوە، کە حکومەتی عێراق لەم پێناوەدا و بە پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەوڵیداوە بۆ ئەوەی هەنگاوی جددی بنێت بۆ روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزکردنەوەی توانای خۆڕاگری و دڵنیابون لە توانای وڵاتەکەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاریگەرییەکانیدا.