پۆلیسی ئیسپانیا تۆڕێکی بۆ گواستنەوەی کۆچبەرانی سوریا بە قاچاخ هەڵدەوەشێنێتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
رۆژی یەکشەممە، پۆلیسی ئیسپانیا رایگەیاند کە تۆڕێکیان هەڵوەشاندەوە کە کۆچبەرانی سووری لە لوبنانەوە بۆ ئیسپانیا و ئەڵمانیا و نەرویج دەگواستەوە.
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا، کە لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە، لە ئیسپانیا پێکهاتەی لۆجستیکی “رێکخراوێکی تاوانکاری تایبەتمەند بە قاچاخچێتی کۆچبەرانی سوریا”ی هەڵوەشاندووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، “رێگای کۆچکردن بە سێ کیشوەردا تێپەریوە، ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا، لە رێگەی ئاسمانی و دەریا و وشکانییەوە و هەر کۆچبەرێک 20 هەزار یۆرۆی بە قاچاخچییەکان داوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، 19 کەسی بە تۆمەتی سەر بە رێکخراوێکی تاوانکاری و تێوەگلان لە کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکردووە، لەکاتێکدا شەش کەسیان خراونەتە دەستبەسەری پێش دادگاییکردن.
پۆلیس ئاماژەی بەوەدا کە تۆرەکە هاوکاری لەگەڵ رێکخراوە تاوانکارییەکانی وڵاتانی دیکە کردووە، و لە رێگەی حەواڵەکردنەوە پارە وەردەگرێت کە “توانیویەتی نزیکەی 2.5 ملیۆن یۆرۆ بەدەستبهێنێت.”