کۆریای باکوور بەرهەمهێنانی مووشەک زیاددەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور ئاماژەی زیادکردنی خێرایی بەرهەمهێنانی مووشەکی لە وڵاتەکەی کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ مەشقی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و کۆریای باشوور.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی فەرمی کۆریا، یۆنهاپ، ئەمرۆ دووشەممە رایگەیاند، سەرۆکی کۆریای باکوور سەردانی کارگە سەربازییە گەورەکانی کردووە، لەنێویاندا کارگەیەکی بەرهەمهێنانی مووشەکی تاکتیکی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جۆنگ ئون داوای “بەهێزکردنی ریشەیی”ی توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی وڵاتەکەی کردووە.
کەی سی ئێن ئەی وتی: ئامانجێکی گرنگی داناوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێستا، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی مووشەکی بەکۆمەڵ وەک ئەوەی سیستەمی یەکەکانی هێڵی پێشەوەی فراوانکراو و بەهێزکراو و یەکەکانی مووشەکی و پلانەکانی ئۆپەراسیۆنی پێویستیان پێیەتی.
گەشتی پشکنینی کارگەکان رۆژانی هەینی و شەممە بوو، دوای ئەوەی کیم جۆنگ ئون هەفتەی رابردوو لە میانی کۆبوونەوەیەکی گرنگی سەربازیدا داوای چرکردنەوەی ئامادەکارییەکانی بۆ شەر کرد.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ناوەندی فەرمی کۆریا، گەشتەکەی بریتی بووە لە سەردانی کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی تاکتیکی و موشەکهاوێژی گەورە و زرێپۆشی شەرکەر.
ئەمەش دوای چەند رۆژێک لە کۆبوونەوەی فراوانکراوی کۆمیتەی سەربازی ناوەندیی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری کۆریا هات، کە داوای ئامادەکاری بۆ ئەگەری شەرێکی بە شێوەیەکی “هێرشبەرانە” دەکرد.
سەرۆکی کۆریا جەختی لە “گرنگی دڵنیابوون لە بەرەوپێشبردنی بەرهەمهێنانی مووشەکی” کردەوە.
گەشتی پشکنینی کیم لە کاتێکدایە کە کۆریای باشوور و ئەمریکا خۆیان بۆ مەشقی ساڵانەی “قەڵغانی ئازادی ئەلچی” ئامادە دەکەن کە بریارە لە 21-31ی ئاب ئەنجام بدرێت.