سوپرایزە گەورەکەی سعودیە ئەمجارە گواستنەوەی نەیمار بوو
ژوری وەرزشی – نۆرس پرێس
یانەی هیلالی سعودی بەتەواوی لە گواستنەوەی نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی تۆپی پێی بەرازیل و یانەی پاریس سانجێرمان بۆ یانەکەی نزیکبووەتەوە و سەرۆکی یانە سعودییەکەش دەچێتە پاریس.
بەپێی سەرچاوەکان، کارەکانی گواستنەوەی نەیمار بۆ یانە سعودییەکە لە قۆناخی کۆتاییدان، پەیوەندیکردنی نەیمار بە یانەی هیلال یەکێکی دیکە دەبێت لە گرێبەستە سەرنجڕاکێش و گەورەکانی ئەم هاوینە لە سعودیە.
نەیمار بەرامبەر 90 ملیۆن یۆرۆ لە پاریسەوە دەچێتە ریاز و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2026 دەبێت، مووچەی ساڵانەشی 160 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
نافل بن فەهد، سەرۆکی یانەی هیلال دوای لەدەستدانی نازناوی جامی شا سەلمان، هەنگاوەکانی بۆ تەواوکردنی گرێبەستی ئەستێرە بەرازیلییەکە خێراتر کرد و بۆ کۆتاییهێنان بە کارەکانی گرێبەستەکەی دەچێتە پاریس و دوای ئەو گەشتەی ئیدی چاوەڕوان دەکرێت هیلال گرێبەستی نەیمار رابگەیەنێت.
دوای رێککەوتنی هیلال و پاریس سانجێرمان لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە، نەیماریش رەزامەندیی داوە و ئامادەیە بچێتە سعودیە، هەر ئەمڕۆ یاریزانەکە لە پاریس قۆناغی یەکەمی پشکنینە پزیشکییەکانی تەواو دەکات و چاوەڕواندەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا بگاتە ریاز و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاری لە خولی سعودی دەستپێبکات.
هەمووان چاوەڕوانبوون نەیمار بگەڕێتەوە بارسێلۆنا و یاریزانەکەش ئەوەی دەویست، بەڵام ئەوەی مێسی نەیکرد، نەیمار دەیکات و کاروانی یارییکردنی داهاتووی دەباتە خولی سعودی.
نەیمار لە ماوەی 6 ساڵی رابردوودا لە پاریس سانجێرمان یاری دەکرد، بەڵام نەیتوانی هاوکاری ئەو تیپە بکات بۆ گەیشتن بە خەونە راستەقینەکەی کە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بوو، بۆ ئەم وەرزەش لەسەر داوای لویس ئێنریکێ یاریزانەکە خرایە دەرەوەی پلانەکانی یانەکەی پایتەخت و ئیدی نەیمار ناچاربوو دەرچوون لە ئەوروپا هەڵبژێرێت.