ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە ،چوار گەنجی سوری لە پارێزگا جیاوازەکانی تورکیا گیانیانلەدەستدا، کە سیانیان لە کاتی مەلەکردندا خنکاون و یەکێکی دیکەشیان لە ئەنجامی گەرما لە کاتی کارکردندا.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، ئەو گەنجە سورییەی بەناوی محەمەد ئەلئەحمەد (18 ساڵ)، لەکاتی نیوەڕۆ و بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە کە سەرقاڵی کاری بیناسازی بووە لە شاری عەنتابی باشووری تورکیا، بەهۆی خۆربردنەوە گیانیلەدەستداوە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، سێ گەنجی دیکەی سوریش لە کاتی مەلەکردن لە ناوچە جیاجیاکانی تورکیا خنکاون، کە لە نێویاندا مێردمنداڵێک بە ناوی سەفوان ئەلنەبهان (14 ساڵ) هەیە، لە کاتی مەلەکردن لە بەنداوێکدا لە ناوچەی دەوالی سەر بە ویلایەتی قەیسەری خنکاوە.
گەنجێکی دیکە بە ناوی عەلا بەسام ئیبراهیم (35 ساڵ) لە ویلایەتی ئەستەنبوڵی تورکیا خنکاوە، کە خەڵکی ناوچەی حەولە لە گوندەواری حومس.
لە رووداوێکی دیکەدا گەنجەێک بە ناوی محەمەد نور ئەلعەلی تەمەن (21ساڵ ) لە یەکێک لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست لە ناوچەی بێاس لە ویلایەتی هاتای، لە کاتی مەلەکردندا خنکا و خەڵکی ناوچەی جۆلانە.