سوپای ئوردن هەوڵێک بۆ بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر کە لە سوریاوە دێت پووچەڵ دەکاتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمرۆ یەکشەممە، سوپای ئوردن هەوڵی بە قاچاخبردنی برێک ماددەی هۆشبەر کە لە رێگەی فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانەوە بارکرابوو کە لە سوریاوە بۆ ئوردن دەهات، پووچەڵکردەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئوردن بڵاویکردەوە، “هەرێمی سەربازی باکور پاشنیوەرۆی ئەمرۆ قاچاخی برێک ماددەی هۆشبەری پووچەڵکردەوە کە لەلایەن فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانەوە بارکرابوو کە لە خاکی سوریاوە هاتبوو بۆ خاکی ئوردن”.

سەرچاوەیەکی فەرمی لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، “لە رێگەی چاودێری و بەدواداچوونەوە، فرۆکەکە کۆنترۆڵ کرا و خراوەتە خوارەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای خستنەخوارەوەی دەرکەوتووە کە برێک کریستاڵی هەڵگرتووە، هەروەها ئەو کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە گواستراونەتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە روونبکرێتەوە.