بەرهەمی دانەوێڵەی ئۆکراینا %5 بەرزبووەتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

سەرەڕای بەردەوامی شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا، بەڵام بەهۆی بارودۆخی لەباری کەشوهەوا و بارانبارین بەرهەمی دانەوێڵەی ئۆکراینا %5 بەرزبووەتەوە.

تاراس فیسۆتسکی، بریکاری وەزیری کشتوکاڵی ئۆکراینا بە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، بەرهەمی دانەوێڵەی ساڵی 2023 زیاترە لەوەی پێشبینییان کردبوو، بەشێوەیەک بەراورد بە ساڵی رابردوو %5 بەرهەمیان زیادیکردووە.

ئەو بەرپرسە ئۆکراینیە ئەگەرچی ڕیژەی بەرهەمهێنانی ئەمساڵی ئاشکرانەکردووە، بەڵام هۆکاری زیادبوونی بەرهەمی بۆ لەباری کەشوهەوا و ڕێژەی بارانبارین گەڕاندووەتەوە و وتویەتی، جوتیارانی وڵاتەکەی تائێستا زیاتر لە 23 ملیۆن تۆن گەنمیان دووریوەتەوە.

ئۆکراینا یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری گەنم و وەزارەتی کشتوکاڵی وڵاتەکە پێشبینیکردووە، ئەمساڵ بەرهەمهێنانی دانەوێڵە واتە گەنم و جۆ، بگەیەننە زیاتر لە 56 ملیۆن تۆن.