رۆناڵدۆ یەکەم نازناوی لەگەڵ نەسڕ بردەوە
ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی شاسەلمانی سعودیەدا، هەردوو یانەی نەسڕ و هیلالی سعودی بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە رووبەڕووی یەکبوونەوە، سەرەتا نەسڕ لەدوابوو، بەڵام رۆناڵدۆ بە دوو گۆڵ یانەکەی بەرەو بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە برد.
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا هیچ گۆڵێک تۆمارنەکرا، لە نیوەی دووەمدا و لە خولەکی 50 میشایێل دێلگادۆ، گۆڵێکی بۆ یانەی هیلال تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست، یاریزانەکە لەسەر شێوازی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاهەنگی گێڕا.
لە خولەکی 74 کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەنجامەکەی بۆ نەسڕ یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
دوای ئەوە هیچ گۆڵێکی دیکە نەکرا و کاتی ئاسایی یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵیک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، هەردوولا پەنایان بردە بەر کاتی زیادکراو، لە خولەکی 97 رۆناڵدۆ گۆڵی دووەمی بۆ نەسڕ تۆمارکرد، دوای ئەوە یانەکە پارێزگاریی لە ئەنجامەکە کرد، یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندیی نەسڕ کۆتاییهات و یانەکەی رۆناڵدۆ یەکەم نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە و کریستیانۆش یەکەم نازناوی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا.
رۆناڵدۆ لە یەکەم بەشداریکردنیدا و بە تۆمارکردنی 6 گۆڵ بووبە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە.
دوای بردنەوەی ئەم نازناوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پەیامێکدا گوتی “زۆر دڵخۆشم کە توانیم هاوکاریی تیپەکەم بکەم، بۆ بردنەوەی ئەم نازناوە گرنگە بۆ یەکەمجار، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی بەشداربوون لە بردنەوەی ئەم دەستکەوتە گەورەیەدا لەم یانەیەدا، سوپاس بۆ ئەندامانی خێزانەکەم و هاوڕێکانم کە هەمیشە لەگەڵمن.”
هەروەها سوپاسی هاندەرانی نەسڕیشی کرد و گوتی، “زۆر سوپاس بۆ هاندەرە جوانەکانی ئێمە، ئەم بردنەوەیە بۆ ئێوەشە.”