لە عێراق وادەیەک بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان دیاریکرا
هەولێر– نۆرس پرێس
وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رۆژی 20ی تشرینی دووەمی 2024ی وەك وادەیەکی سەرەتایی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووانی وڵاتەکە دیاریكرد.
زیاد عەواد كازم، سەرۆكی دەستەی ناوەندی ئامار، بە میدیا ناوخۆییەکان رایگەیاند، مانگی رابردوو دەستەكەیان كۆبوونەوەیەكیان بە سەرپەرشتی وەزیری پلاندانان ئەنجامداوە و یەكێك لە گرنگترین بڕیارەكانیش كە دراوە دیاریكردنی رۆژی 20ی تشرینی دووەمی 2024 بووە، وەك وادەیەكی سەرەتایی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان.
كازم روونیشیكردەوە كە ئەم بەروارە دەبێ بەدواداچوونی بۆ بكرێ و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسند بكرێت.
گوتیشی: “ئەمساڵ بڕی 100 ملیار دینار بەمەبەستی جێبەجێكردنی پێداویستییەكانی ژێرخانی و دامەزراندنی ناوەندێکی داتا تەرخان كراوە”.