بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان قەبارەی پاڵپشتی ئێران بۆ سوریا دەردەخەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بڕی ئەو پاڵپشتییەیان دەرخست کە ئێران لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە پێشکەش بە حکومەتی دیمەشقی دەکات، کە خۆیان دەبیننەوە لە ملیارەها دۆلار و هەناردەکردنی نەوت و ئەنجامدانی رێککەوتنە ژێربەژێرەکاندا.

بەگوێرەی رۆژنامەی “میدل ئیست مۆنیتەر” کە لە ژمارەی رۆژی هەینیدا بڵاوکرابووەوە، بەڵگەنامەکان دەریانخستووە ئێران لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە 50 ملیار دۆلاری بۆ پاڵپشتی حکومەتی دیمەشق سەرف کردووە.

رۆژنامەکە بڵاویکردەوە، گروپێکی هاکەری ئێرانی، زانیاری و بەڵگەنامەیان دزەپێکردووە، کە دەریدەخات لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا ئێران نەوتی هەناردە کردووە، هێڵی قەرز و پارەی دیکەی بە دیمەشق داوە، ئەمە جگە لە پارەی نەختینەیی.ئەو گروپەی کە بە کاری هاککردنەکە هەستاون؛ گروپێکی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی “موجاهدینی خەلق”ن کە هەڵگری دروشمی “راپەڕین تا رووخاندن”ن، بنکەکەیان لە ئەلبانیایە.ئۆپۆزسیۆنی “موجاهدین خەلق” کە پێشتر چەکدار بووە، لە ئێستادا بووەتە گرووپێکی داکۆکیکاری سیاسی.بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لەلایەن گروپەکەوە دزەپێکراون، ئێران  لە ئەیلولی 2022دا رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق ئەنجامداوە، بۆ دانەوەی 18 ملیار دۆلار لە “قەرزەکان”ی، لە شێوەی وەبەرهێناندا، هەروەها لە رێگەی گواستنەوەی فۆسفات، نەوت و سەرچاوەکانی دیکە لە سوریا، لە ماوەی پەنجا ساڵی داهاتوو.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان