ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
ریال مەدرید گورزێکی کووشندەی بەرکەوت، دوای دوورکەوتنەوەی تیبۆ کۆرتوا بەهۆی پچڕانی بەستەری ئەژنۆی، کە بۆ ماوەیەکی درێژ دادەبڕێت.
قوورسە گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە بتوانێت ئەم وەرزە یاریی بکاتەوە، بۆیە دەبێت بەرپرسانی یانەی شاهانە دەستوبرد لە هێنانی گۆڵپارێزێک بکەن.
پێگەی “ماركا”دەڵێت، چەند بژاردەیەکی کەم لەبەردەم یانەکە هەن، بۆ پڕکردنەوەی شوێنی کۆرتوا، بەتایبەت دوای چوونی ئۆنانا بۆ مانچێستەر یونایتد و رۆبێرت سانچێز بۆ چێڵسی، دەیڤید رایا بۆ ئارسێناڵ و یان سۆمەر بۆ ئینتەر.
ئەو پێگەیە دەشڵێت، “گۆڵپارێزی پێشووی مانچێستەر یونایتد، دەیڤید دی خیا بەهێزترین بەربژێرە بۆ شوێنی کۆرتوا، بەتایبەت ئێستا گرێبەستی لەگەڵ هیچ یانەیەک نییە، هەروەها ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی هیچ بڕە پارەیەک نادات.
ناوی دووەمیش لە پرێمەرلیگ دەبێت، کیپا ئاریزابالاگا پێگەی سەرەکی لە چێڵسی لەق بووە، چاوەڕێدەکرێت بلوز دەستبەرداری بێت، کە چەند وەرزێک لەمەوبەر بە 80ملیۆن یۆرۆ کڕی.
بژاردەی سێیەم، یاسین بونۆ ـی مەغریبی و یانەی سێڤییا ـیە نرخەکەی 20 ملیۆن یۆرۆیە، و جیۆرجی ماماداشڤێلی گۆڵپارێزی ڤاڵێنسیاش تێچووی 15 ملیۆن یۆرۆیە و لەنێو لیستی چاودێری بەرپرسانی مێرەنگێە
دوایین ناو دۆمینیک لیڤاکۆڤیچی کڕواتییە، کە ئێستا لە دینامۆ زەگربە، نرخەکەی 12 ملیۆن یۆرۆیە.