بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز ژێرئاو کەوت و شەش کەس خنکان

هەولێر- نۆرس پرێس

بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە  شەش کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.

رۆژی شەممە، هێزی دەریاوانی فەرەنسا بڵاویکردەوە، بەلەمەکە دەیان کۆچبەری تێدا بووە و لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە 54 کۆچبەر رزگاربکەن و ژمارەیەک کۆچبەریش بێسەروشوێن بوون.

لە هەڵمەتی رزگارکردنی کۆچبەرەکاندا پێنج کەشتی و هێلیکۆپتەرێکی فەرەنسی و دوو کەشتیی بەریتانی بەشدارییان کردووە.

هێزی دەریاوانی فەرەنسا رایگەیاند، هۆکاری ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە خراپی کەشوهەوا و بەرزیی شەپۆلەکانی ئاو بووە.

نۆکەندی ئینگلیز رێڕەوێکی ئاوییە لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا و یەکێکە لە قەرەباڵخترین رێگەکانی کۆچبەران. 

بە گوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 2018ەوە زیاتر لە 100 هەزار کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا.