قوبرس ئەو کۆچبەرە سووریانەی کە لەسەر خاکی خۆی دەستگیرکردبوو گەڕاندنەوە بۆ لوبنان
دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی هەینی قوبرس زیاتر لە 100 کۆچبەری سوریای گەڕاندەوە بۆ لوبنان کە لەسەر خاکەکەی دەستگیرکرابوون، بەبێ ئەوەی دیاری بکات کە ئایا پێویستیان بە پاراستنی یاسایی هەیە یان دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ سوریا.
دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، زۆر نیگەرانن لە گەڕانەوەی زیاتر لە 100 کۆچبەری سوری لە قوبرسەوە بۆ لوبنان بەبێ ئەوەی دیاری بکرێن کە ئایا پێویستیان بە پاراستنی یاسایی هەیە یان دیپۆرت بکرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
نووسینگەی کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قوبرس ڕایگەیاندووە، دیپۆرتکردنەوە و گواستنەوەی نێوان وڵاتان بەبێ گەرەنتی یاسایی بۆ ئەو کەسانەی کە ڕەنگە پێویستیان بە پاراستنی نێودەوڵەتی بێت، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتی و ئەوروپییەکانە.
لە بەرامبەردا لیزا ئەبو خالد، وتەبێژی نووسینگەی کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە لوبنان ڕایگەیاند، ئەو 109 کۆچبەرەی لە قوبرسەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ لوبنان، زۆربەیان دوای لێپرسینەوە لە لایەن سوپای لوبنانەوە گەیەنرانە سوریا.
ئەو 109 کۆچبەرە لە 29ی تەمموز تا 2ی ئاب بە 3 بەلەمی جیاواز گەیشتوونەتە قوبرس پێش ئەوەی بە بەلەم بگەڕێنرێنەوە، لەلایەن پۆلیسی قوبرسەوە پارێزرابوون.