دوای کردنەوەی پارکێک لە شاری ئەعزاز بەناوی جێگرێکی پارێزگاری تورکیا توڕەیی لە سۆشیال میدیادا لێکەوتەوە
ئەعزاز – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، ئەنجومەنی ناوخۆیی لایەنگرانی ئەنقەرە لە شاری ئەعزاز، لە گوندەوارەکانی حەلەب، باخچەیەکیان بەناوی عومەر یڵماز، جێگری یەکەمی پارێزگاری کلس کردەوە، ئەم کارە توڕەیی و تەنز لە سۆشیال میدیادا لێکەوتەوە.
گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی لایەنگری ئەنقەرە کۆنترۆڵی شاری ئەعزاز لە گوندەوارەکانی حەلەب دەکەن و لەلایەن ئەنجوومەنێکی ناوخۆییەوە بەڕێوەدەبرێت کە ڕاستەوخۆ سەر بە دەوڵەتی تورکیایە.
ئەم ناوە لە سۆشیال میدیادا لەلایەن دانیشتووان و چالاکوانانەوە تورەیی و تەنزی جەماوەری لێکەوتەوە، ئەمە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ڕەگەزپەرستی بەرامبەر بە سورییەکان لە تورکیا و ئەو دیپۆرتکردنەوە زۆرەملێیەی کە ڕۆژانە تورکیا بەرامبەر بە سوریەکان ئەنجامی دەدات.
یەکێک لەو چالاکوانانە، کە ڕەتیکردەوە ناوی خۆی بۆ نۆرس پرێس ئاشکرا بکات لە ترسی لێپێچینەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ئاماژەی بەوەکرد، ناوەکە زیاتر ملکەچبوونە بۆ لایەنی تورکیا، شارەکە چەندین دامەزراوە و نووسینگەی تێدایە کە ناوی تورکییان لەسەرە، وەک باخچەی عوسمانی و سەنتەری ئەنادۆڵ و زانکۆی تورکی غازی عەنتاب.
چالاکوانێکی تری شاری ئەعزاز، لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە فەیسبووک، بڕیاریدا ناوی مۆزەخانەی هونەری هۆنۆلولو لە ویلایەتی هاوای ئەمریکا، بە ناوی بنەماڵەکەیەوە ناو بنێت و بە تەنزەوە کۆمێنتێکی نووسی، ئامۆزاکەم یەکێکە لە کەسایەتییە گرنگەکانی سەر زەوییە بۆیە بڕیارماندا ناوی مۆزەخانەی جیهانی بە ناوی خێزانەکەمانەوە بکەین.
هەروەها بەتەنزەوە زیاتر باسی کرد کە بڕیارە ناوی مۆڵێک و زانکۆی سیتی ئەمریکی بە ناوی دایک و باوکیەوە بکات.
ناونانی پارکەکە بە ناوی جێگری پارێزگاری تورکیا، دوای نزیکەی مانگێک دێت لە لابردنی ناوێکی عەرەبی بۆ قوتابخانەیەک لە شاری ئەلباب لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب و دانانی ناوی ئەفسەرێکی تورک کە لە سوریا کوژرا بوو.