داهاتی کۆمپانیای سۆنی لەمساڵدا بەڕێژەی 31% دابەزینی بەخۆوە بینیوە

هەولێر- نۆرس پرێس

کۆمپانیای سۆنی بۆ تەکنەلۆژیا رایگەیاند، داهاتی دامەزراوەکەیان لەمساڵدا بەڕێژەی 31% دابەزینی بەخۆوە بینیوە کە بە بڕی یەک ملیار و 800  ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت و لە ئێستادا کاردەکەن بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو زیانە داراییانە لە ساڵی داهاتودا.

گەورە کۆمپانیای سۆنی بۆ بواری تەکنەلۆژیا کە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی بەرهەمی ئەلیکترۆنی بەکاربەرە رایگەیاند، بەهۆی لاوازی چالاکییە داراییەکان و یەکە تایبەتەکانی بەرهەمهێنانی فیلم، قازانجی چارەکی یەکەمی دامەزراوەکەیان دابەزینی بەخۆوە بینی.

بە پێی خەمڵاندنەکان، قازانجەکانی سۆنی لە مانگی شەشی حوزەیرانی ئەمساڵ بە ڕێژەی 31% دابەزیوە و گەیشتوەتە 253 ملیار یەنی دراوی ژاپۆنی، کە دەکاتە یەک ملیار و 800 ملیۆن دۆلار.

قازانجەکانی کۆمپانیاکە لە بەرهەمهێنانی فیلمدا بە رێژەی دوو لەسەر سێ دابەزیوە، بەهۆی کەمبونەوەی فرۆشی ناوەڕۆکی تەلەفزیۆنی و هەروەها زیادبونی “تێچوی مارکێتین” دوای ئەوەی کۆمپانیاکە فیلمی زیاتری بۆ سینەماکان بڵاوکردووەتەوە.

كۆمپانیای سۆنی کە سەردەمێک بو پاڵەوانی گۆڕەپانی ئامێرە ئەلیکترۆنییە بەکاربەرەکان بووە، لەئێستادا زیاتر ئامانجی کارکردنە لەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت بە خستنەڕووی فیلم و موزیك و یارییەکان، لەگەڵ دروستکردنی هەستەوەری وێنە.

لە مانگی پێنجی ئایاری ئەمساڵ، كۆمپانیای سۆنی ڕایگەیاند، لە هەوڵدان بەشێک لە یەکە داراییەکەی کە بیمەی ژیان و بانکی لەخۆدەگرێت جیابکاتەوە، بەو پێیەی چاوی لەوەیە وەبەرهێنان لە کاروباری کات بەسەربردندا بکات.

ئاشکراشیکرد، پێشبینی فرۆشتنی 25 ملیۆن ئامێری یاریکردنی جۆری (پلەی ستەیشنی 5) دەکات لە ساڵی دارایی ئێستاییدا، ئەو ژمارەیەش پێوانەییە بۆ کۆمپانیاکە لەدوای ئەو زنجیرە قەیرانانەی دوچاری بووە.