تورکیا 12 کۆچبەری سوری لە رێگەی دەروازەی گرێ سپیەوە دیپۆرت دەکاتەوە
رەققە – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا دوای چەند رۆژێک لە دەستگیرکردنیان، 12 کۆچبەری سووریان، لە رێگەی دەروازەی گرێ سپیەوە لە رۆژئاوای کوردستان، دیپۆرتکردەوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە دەروازەکەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا 12 کۆچبەری سورییان رادەستی “جەیش وەتەنی” سەر بە خۆیان کردووەتەوە، کە لە کاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی دیواری سنووریدا، لە رۆژئاوای شاری گرێ سپی، دەستبەسەریان کردوون، ئەمە جگە لەوەت جەندرمەکان تەقەیان لە گەنجێک کردووە، کە خەڵکی گرێ سپییە و لەنێو کۆچبەرەکاندا بووە.
ئاماژەیان بەوەشدا، بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی ئەمنی، گواستراونەتەوه بۆ گرتووخانەی گرێ سپی.
سەرچاوەکە روونیشیکردەوە، ئەم پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە لەم مانگەدا چوارەمجارە، بۆ ئەو کۆچبەرە سورییانەی کە لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ ناو خاکی تورکیا دەستگیر دەکرێن.