ئاسایش دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە حەسەکە ژنەکەی خۆی کۆشتووە

حەسەکە – نۆرس پرێس

ڕۆژی پێنجشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕایگەیاند، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە ژنەکەی خۆی کۆشتووە و چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە گەڕەکێکی شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵهاتووە.

یەکشەممەی ڕابردوو دانیشتوانی شاری حەسەکە تەرمی ژنێکیان دۆزیوەتەوە لە دوای چەند ڕۆژێک دیارنەمانی، کە لە ئەنجامی لێدانی سەری بە ئامێرێکی قورس لە شاری حەسەکە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا.

لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، هێزەکانی ئاسایش ڕایگەیاندووە، کەهەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پەیجی سۆشیال میدیا هەواڵی کۆشتنی هیبە مەحمود خەڵەف یان بڵاوکردووەتەوە، کە لە ماڵەکەی خۆیدا بە کوژراوی دۆزراوەتەوە، ئەمە جگە لە دیارنەمانی هاوسەر و منداڵەکەی.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، پشتڕاست کراوەتەوە کە بکوژەکە هاوسەری قوربانییەکەیە، و ئەویش هەڵهاتووە، منداڵە بچووکەکەیشی لەگەڵ خۆی بردووە.

ئاشکراشی دەکات، دوای هەفتەیەک لە دیارنەمانی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکان توانیویانە شوێنی تاوانبارەکە بدۆزنەوە و لە هەڵمەتێکدا دەستگیری بکەن.

بەپێی بەیاننامەی ئاسایش، تاوانبارەکە دانی بەوەداناوە کە  ژنەکەی بە لێدانی سەری و چەقۆ  کوشتووە، لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێت، بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەل بکرێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی