هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی لە خولی پێشودا بەرزترین ئاستی لە ماوەی چەند مانگێکدا تۆمارکرد، ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی کۆگاکانی نەوتی خاو لە ئەمریکا و لاوازی داتا ئابورییەکانی چین نیگەرانییەکانی لەبارەی خواستی سوتەمەنی جیهانی زیاد کردووە.
نرخی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی 9 سەنت دابەزیوە و گەیشتوەتە 87.68 دۆلار، ئەوەش دوای ئەوەی لە خولی پێشودا جێگیربووە، کە بەرزترین ئاستە لە دوای 27ی مانگی یەکی ئەمساڵەوە.دوێنێ چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێکساس بەڕێژەی 0.1% دابەزی و گەیشتە 84.34 دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە مانگی تشرینی دووەمی 2022ەوە.
داتا ئابورییە لاوازەکانی چین کاریگەریان لەسەر بازاڕ دروستکردووە، ئەو داتایانە دابەزینی نرخی بەکاربەری لەخۆگرتبو لەکاتێکدا نرخی کارگەکان لە مانگی تەمموزدا بەردەوامە لە دابەزین.وەبەرهێنەران چاوەڕوانی داتاکانی نرخی بەکاربەرن لە ئەمریکا بۆ مانگی تەمموز کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوبکرێتەوە، ئەم داتایانە ڕەنگە ئاماژەیەک بۆ ئەو سیاسەتە دراوییە بدەن کە یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریکا لە ماوەی داهاتودا دەیگرێتەبەر.
سەرەڕای ئەوەش، نرخی نەوت بەهۆی ترسی کەمیی دابینکردن و هەروەها ئەگەری ئەوەی کە گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا لە دەریای ڕەشدا کاریگەرییان لەسەر ناردنی نەوتی ڕوسیا هەبێت.