سەرەڕای بڕیاری یەکێتی ئەوروپا.. یۆنان 50 پەنابەری سوری دەگەڕێنێتەوە بۆ تورکیا

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، “ئالارم فۆن”، کە رێکخراوێکی فریاگوزاریە و “هێڵی گەرم”ی رزگارکردن لە دەریای ناوەڕاست بەڕێوەدەبات، رایگەیاند کە نزیکەی 50 کۆچبەری سوری گەڕێنراونەتەوە بۆ تورکیا، سەرەڕای بڕیارێکی دادگای ئەوروپا سەبارەت بەوان.

رێکخراوەکە کە چاودێری گەشتی نایاسایی کۆچبەران دەکات بەرەو ئەوروپا، هەواڵێکی لەسەر کۆمەڵێک کۆچبەری سوری کە ژمارەیان (45-50) کەسە بڵاوکردەوە، کە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزەوە لە نزیک سنووری رووباری ئێڤەرۆس لە نێوان تورکیا و یۆنان گیریان خواردبوو.

بە گوتەی ئالارم فۆن، لە 2ی ئابدا دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەستێوەردانی کرد و فەرمانی بە یۆنان کرد کە خۆراک و ئاو و هاوکاری پزیشکیی بۆ ئەو کۆچبەرانە دابین بکات.

لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا، دەیان کۆچبەری سوریا و رۆژئاوای کوردستان، کە خەڵکی پارێزگای دەرعا، لە باشووری سوریا و گوندەوارەکانی باکووری کۆبانێ بوون، گیانیان لەدەستدا، دوای ئەوەی بەلەمێک کە ئەوانی هەڵگرتبوو لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی دەریای ناوەڕاستدا نوقم بوو.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد