ریاڵ مەدرید ئامادەکاری بۆ ڤیدیۆی پێشکەشکردنی مباپێ دەکات

ژووری وەرزش – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، راپۆرتێکی رۆژنامەوانی ئیسپانی سەپرایزێکی سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی کیلیان مباپێی ئەستێرەی فەرەنسی، لە یانەی پاریس سانجێرمانەوە بۆ ریاڵ مەدرید ئاشکرا کرد.

مباپێ لە ریزی ئەو یاریزانە نەخوازراوانەیە، کە لە لیستەکەی پاریس مەشق و راهێنان دەکەن، ئەمەش بەهۆی رەتکردنەوەی بەوازهێنان یان نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە لە وەرزی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا.

بەگوێرەی رۆژنامەی “مارکا”ی ئیسپانی، ئێستا میدیای فەرمی یانەی ریال مەدرید سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەو ڤیدیۆ و گرتە سەرنجڕاکێشانەن کە تیایدا مباپێ وەک یاریزانێکی نوێ لە یانە شاهانەکە پێشوازی دەکرێت.

رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، رەنگە ئەم بابەتە وروژاندنی زیاتر بکات سەبارەت بە نزیکبوونەوەی گرێبەستەکە، بەڵام دەبێت ئەوەش بوترێت، ساڵی رابردوو هەمان شت لە میدیای فەرمی یانەی ریال مەدریدەوە روویدا، پێش ئەوەی یاریزانە فەرەنسییەکە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان رابگەیەنێت .

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە رەنگە ریاڵ مەدرید ئۆفەرێک بە نرخێکی کەم پێشکەش بکات بۆ ئەوەی لە دوایین ساتەکانی مێرکاتۆی هاوینەی ئەمساڵدا مباپێ بهێنێتە ریزەکانیەوە.