بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە کۆبانێ داوای کۆتاییهێنان بە “داگیرکاری تورکیا” دەکات
رەقە – نۆرس پرێس
بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، داوای کۆتاییهێنان بە “داگیرکاری”ی تورکیای کرد.
لە بەیاننامەیەکدا بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە کۆبانێ دەلێت، رۆژی سێشەممەی رابردوو، لە ئەنجامی بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر گوندی شیرکەی سەر بە شارۆچکەی عەین عیسا لە پارێزگەی رەقە 3 هاوڵاتیانی مەدەنی ژیانیان لە دەستداوە و 3ی دیکەش برینداربوون.
بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە کۆبانێ، پێشێلکارییەکانی تورکیای بە “نامرۆڤانە و قبوڵنەکراو” وەسفکردووە، هەروەها دەلێت، تورکیا بەردەوامە لە سیاسەتی “شەرانگێزی” خۆی، بەرامبەر ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و ئەنجامدانی گۆرانکاری دیمۆگرافی، ئەم کردوانەی ئەنقەرە “دەچنەوە خانەی تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی”.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، تورکیا “یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێلدەکات و کۆمەڵکوژی دژی دانیشتووان ئەنجامدەدات، لە کاتێکدا جیهان بەرامبەر بەم پێشێلکاریانە بێدەنگی هەلبژراتووە”.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵئ 2019ەوە، لە دوای ئۆپەراسیۆنی سەرێ کانی و گرسێ سپی، تورکیا بەبەردەوامی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوایی کوردستان) بۆردومان دەکات، شارۆچکەی عەین عیساش بەهێلی گەرمی نێوان تورکیا وگرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەلایەکەوە و هێزەکانی سوریا دیموکرات هەسەدە لە لایەکی دیکەوە دادەنرێت.