ئاڵدار خه‌لیل: توركیا هۆكاری درێژه‌كێشانی قه‌یرانی سوریایه
هه‌ولێر-نۆرس پرێس
ئاڵدار خه‌لیل، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی (په‌یه‌ده) رایده‌گه‌یه‌نێت، ئۆپۆزسیۆنی سوریا “هێشتا میكانیزمێكه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌جێنداكانی توركیا سه‌رباری ئه‌وه‌ی راده‌ی شكستی ئه‌و گره‌وه ده‌ركه‌وتوه.”
به‌هۆی لێدوانێكی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابوردو، ناڕه‌زاییه‌كان له ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی ئۆپۆزسیۆنی سوریای لایه‌نگری توركیا سه‌ریهه‌ڵداوه.
مه‌ولود چاوه‌ش ئۆغڵو له لێدوانه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌كرد، له‌گه‌ڵ فه‌یسه‌ڵ میقداد، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا گفتوگۆیه‌كی كورتیان كردوه‌و داوایكردوه ئاشته‌وایی بكرێت له نێوان ئۆپۆزسیۆن و حكومه‌تی دیمه‌شق.
ئاڵدار خه‌لیل رایگه‌یاندوه، توركیا ئۆپۆزسیۆنی سوریای بۆ داگیركردنی ناوچه‌كانی ئیدله‌ب و جه‌رابلوس و باب و ئه‌عزاز و عه‌فرین و گرێ سپی و سه‌رێ كانی به‌كارهێنا.
ئه‌وه‌شی وتوه، له ئێستادا توركیا ده‌یه‌وێت به كارتی ئۆپۆزسیۆنی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت به ده‌ستیبهێنێت له دیمه‌شق و سه‌ره‌نجام پشتیان به‌رده‌دات.
خه‌لیل باسی له‌وه‌كرد، به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر چه‌ند جارێك ئۆپۆزسیۆنی ئاگاداركردوه‌ته‌وه له‌وه‌ی هاوكاریكردنیان له‌گه‌ڵ توركیا ده‌یانخانه خانه‌ی مورته‌زیقه‌وه.
ئاڵدار ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، “توركیا داعشی دروستكرد‌و هاوكاری په‌ره‌سه‌ندنی به‌ره‌ی نوسره بو، پشتیوایشی له ئیخوان موسلمین ده‌كرد، تا ئێستاش پشتیوانی له گروپه مورته‌زه‌قه سورییه‌كان ده‌كات به مه‌به‌ستی قوڵكردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان.”
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی په‌یه‌ده جه‌ختیشی له‌وه‌كردوه‌ته‌وه، ده‌ستوه‌ردانی توركیا له كاروباری سوریا‌و شۆڕشی سوریا، هۆكاری درێژكردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه‌و نه‌گه‌شتن به چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی تا ئه‌مڕۆ.