فەرماندەیی ئەمریکا سەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنیەکانی مانگی رابردووی دژ بە “داعش” لە سوریا و عێراق راگەیاند
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە سوریا و عێراق لە ماوەی مانگی رابردوودا ئاشکرا کرد و جەختی لەسەر بەردەوامی پشتیوانییەکانیان بۆ هێزە هاوبەشەکان کردەوە، تا ئەو کاتەی رێکخراوە توندڕەوەکە بە تەواوی لەناو دەچێت.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەێنراوێکدا کە ئێوارەی دوێنێ بڵاویانکردووەتەوە، رایانگەیاندووە، “لە ماوەی مانگی تەمموزی 2023دا، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا و هێزە هاوبەشەکان 31 ئۆپەراسیۆنیان لە دژی داعش لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە”.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو ئۆپەراسیۆنانە بوونەتە هۆی دەستگیرکردنی 30 ئەندامی داعش و کوژرانی پێنج ئەندامی دیکەیان.
لە راگەێنراوەکەدا باس لە وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی و هێزە هاوبەشەکان کراوە، بەو پێیەی 20 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجامداوە، کە بوونەتە هۆی کوژرانی دوو ئەندامی داعش و دەستگیرکردنی 7ی دیکە، لە سوریاش 11 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجامداوە، کە بوونەتە هۆی کوژرانی 3 ئەندام و دەستگیرکردنی 6 ئەندامی دیکە.
فەرماندەیی ناوەندی رایگەیاند، بەهۆی هەوڵەکانی ئەو هاوبەشانەوە کە هاوپەیمانی پشتیوانییان دەکات، کەمبوونەوەی بەرچاو لە چالاکیی و کاریگەریی رێکخراوەکە لە سەرانسەری ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانیدا روویانداوە.
لە بەرامبەردا، فەرماندەی هێزە هاوبەشەکان، لیوا ماتیۆ ماکفارلین گوتی، “ئێمە پابەند دەبین بە راوێژکردن و هاوکاریکردن و کاراکردنی هاوبەشەکانمان بەرەو شکستی بەردەوامی داعش”.
لای خۆیەوە جەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا رایگەیاند، “هاوبەشیی ئێمە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات پێویستە بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییانەی کە رێکخراوەکە لە ناوچەکەدا دروستیکردووە”.
کورێلا ئاماژەی بەوەدا کە هاوبەشەکانیان هێشتا بەهێز و کۆڵنەدەرانەوە بەشداریی دەکەن لە دەستەبەرکردنی شکستی هەمیشەیی داعشدا.