نێچیرڤان بارزانی و کاربەدەستێکی باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیان تاوتوێ کرد

هەولێر- نۆرس پرێس

 ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ده‌يڤد بێرگه‌ر کاربەدەستی كاروبارى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق كرد.

له‌ ديدارێكدا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرنگيى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، دۆخى شه‌نگال و پێكهاته‌ ئايينييه‌كان، تاوتوێ كران.

کاربەدەستەکەی كاروبارى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق خۆشحاڵيى خۆى به‌ دياريكردنى ڕۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ربڕى و ده‌ستخۆشى له‌و هه‌نگاوه‌ كرد.‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانيش وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى پابه‌نديى هه‌رێمى كوردستان به‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، سوپاسى پشتگيريى ئه‌مه‌ريكاى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنامه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فیدراڵی عێراق بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال و پێويستيى پاراستنى پێكهاته‌ ئايينييه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان.

چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.