گوگڵ پێنج ملیار دۆلار غەرامە دەکرێت بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر بەکارهێنەری ئینتەرنێتەوە

هەولێر-نۆرس پرێس

کۆمپانیای “گوگڵ” پێنج ملیار دۆلار دەدۆڕێنیت بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر ملیۆنان بەکارهێنەری ئینتەرنێتەوە.

گەورە کۆمپانیای دیجیتاڵی ئەمریکی “گوگڵ” دۆسییەکی یاسایی بە بڕی پێنج ملیار دۆلار دەدۆڕێنیت بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر ملیۆنان بەکارهێنەری ئینتەرنێتەوە.

ئیڤۆن گۆنزالیس رۆجەر، دادوەری دادگای بەرایی لە ئەمریکا رایگەیاند، “هیچ بەڵگەیەکی بەردەست نییە کە بیسەلمێنێت بەکارهێنەرانی گوگڵ رەزامەندییان هەبوە لەسەر کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەریان لەلایەن گوگڵەوە، بەو پێیەی کۆمپانیاکە پێشوەختە ئاگاداری نەکردونەتەوە و داوای رەزامەندیی لێ نەکردون تایبەت بەو پرسە”.

دەیڤید بۆیس پارێزەری داواکارانی “داواکاریی بەکۆمەڵ”ی دۆسییەکە کە داوای بڕی پێنج ملیار دۆلاری وەک قەرەبو کردوە بۆ بەکارهێنەران رایگەیاندوە، “بڕیارەکەی دادگای هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو پاراستنی تایبەتمەندیی کەسیی ملیۆنان ئەمریکی”.

داواکارانی گشتیی دۆسیەکە ئاماژەیان بەوەکردوە، “بەم سیخوریکردنە گوگڵ توانیویەتی زانیاری تەواو لەسەر هاوڕێی بەكارهێنەران، خولیاکانیان، خواردنە دڵخوازەکانیان، خولیاکانی بازاڕکردن کە بە شێوەی ئۆنلاین بەدوایاندا دەگەڕێن كۆبكاتەوە و بزانێت بۆئەوەی ببێتە گەنجینەییەکی بێ لێپرسینەوە لە زانیاریی ورد و گشتگیر”.

ئیڤۆن گۆنزالیس رۆجەر، لە بڕیارێکی 36 پەڕەییدا ئاشكرایكردوە، “داواکاران ئاماژەیان بەوە کردوە کە بازاڕێک بۆ داتاکانیان هەیە، بە ئاماژەدان بە بەرنامەیەکی تاقیکاری لەلایەن گوگڵەوە کە ڕۆژانە سێ دۆلاری بە بەکارهێنەران داوە بەرامبەر بە زانینی مێژووی گەڕانەکانیان”.

بردنەوەی داواکە قەرەبوی بەکارهێنەرانی گووگڵ لەخۆدەگرێت لە یەکەمی (حوزەیران/6)ی 2016ەوە کە کەمتر نییە لە پێنج هەزار دۆلار بۆ هەر بەکارهێنەرێک، لە بەرامبەر پێشێلکردنی یاسا فیدڕاڵییەکانی تایبەت بە سیخوریکردن یاساکانی پاراستنی تایبەتمەندیی کەسی لە کالیفۆرنیا.