تورکیا دوو ناوچەی رۆژئاوایی کوردستان بۆردومانکرد
حەسەکە – نۆرس پرێس
هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن سوریا، گوندەواری شارۆچکەکانی تەل تەمر و زەرکانیان لە باکووری شاری حەسەکە لە رۆژئاوایی کوردستان بۆردومانکرد.
سەرچاوەیەکی سەربازی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هێزەکانی تورکیا و گروپەکانی چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە سەر بە تورکیان، بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە، 9/8/2023 گوندی ئوم کەیف، لە رۆژئاوای تەل تەمر، بە هاوەن و تۆپخانەیان کردە ئامانج.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی ماددی و مرۆیی لە ئەنجامی تۆپبارانی گوندەکەدا ئاشکرانەبووە.
درەنگانێکی شەوی رابردوو ( رۆژی سێشەممە)، هێزەکانی تورکیا بە تۆپخانە، گوندەکانی خربەت شەعیر و تەل وەردیان لە گوندەواری ناوچەی زەرکان کردە ئامانج.
هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لە سەرێ کانی دەمێننەوە، بە بەردەوامی ناوچەی تل تەمر و گوندەواری بۆردومان دەکەن، هەر لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە، هەفتەی رابردوو 8 کەسی سڤیل برینداربوون و بۆ نەخۆشخانەکانی شاری حەسەکە گوازرانەوە.