هەولێر – نۆرس پرێس
تەنها کودەتا، دۆخی نەیجەری ئاڵۆز نەکردووە، بەڵکو بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە، هاوڵاتیان و کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانیشی تووشی زیان و نیگەرانیی کردووە.
پاش، ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا، رایانگەیاند، ئەگەر محەمەد بازووم، سەرۆکی کودەتا لەسەرکراوى نەیجەر نەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات، ئەوا دەستوەردانی سەربازیی لە وڵاتەکە دەکەن.
دەسەڵاتی سەربازیی وڵاتەکە، بە سەرکردایەتی عەبدولڕەحمان چیانی، بڕیاریدا، گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە بۆ ماوەیەکی نادیار رابگیرێت و هیچ گەشتێک لە ئاسمانی وڵاتەکە ئەنجامنەدرێت.
ئەگەر چی بڕیاری راگرتنی گەشتەئاسمانییەکان، ئەگەری دەستوەردانی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا، کەمدەکاتەوە، بەڵام زیانی دیکەشی بەدواوەیە.
لەوانە، ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت گەشتی دەرەوەی وڵاتەکە بکەن، دەبێت رێگەیەکی دوور ببڕین بە وشکانیی و ئەوکات گەشتەکانیان بکەن، ئەمەش بارگرانییە لەسەریان.
بڕیارەکە تەنها هاوڵاتیانی نەیجەری نیگەران نەکردووە، بەڵکو، زیانی گەورەی بە کۆمپانیا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بواری فڕۆکەوانیی گەیاندووە.
کۆمپانیای (فلایت رادار) بۆ چاودێرییکردنی گەشتە ئاسمانییەکان لە جیهاندا، رایگەیاند، ئەو چرکەساتەی بڕیارەکە دەرچوو، چەندان فڕۆکە لە ئاسمانی نەیجەر بوون، ناچاربوون رێڕەوی خۆیان بگۆڕن و چەندان کیلۆمەتر زیاتر بفڕن، ئەمەش سەرەتای زیانەکانی ئەو کۆمپانیایانە بوو.
کۆمپانییەکە، لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئاسمانی نەیجەر بۆ وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا شوێنێکی گونجاو و چالاکی گەشتەئاسمانییەکان بوون لەو وڵاتانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام ئێستا دەبێت ئاسمانی وڵاتانی دیکە بەکاربهێنن و بەمەش تێچووی زیاتر دەکەوێتە لەسەر گەشتیاران.
هاوکات هەندێک لە کۆمپانیاکان، سەرجەم گەشتەکانیان بۆ وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا راگرتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی پلانی دەستوەردانە سەربازییەکەی عەبدول-فەتاو موسا، کۆمسیاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵەی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا رایگەیاند، “سەرۆکی وڵاتانی کۆمەڵەکە، لە کات و ساتی پێویستدا بڕیاری دەستوەردانی سەربازیی دەدەن و بڕیارەکە تەنیا لەلای ئەوانە.”
رۆژی 26ـی مانگی رابردوو، عەبدولرەحمان چیانی، فەرماندەی سوپای نەیجەر کودەتای بەسەر محەمەد بازوم، سەرۆکی نەیجەردا کرد و خۆی وەکو سەرۆکی ئەو وڵاتە ناساند.